پایەدار شێخ شەمسوددین موحەممەد نەهرۆ کەسنەزان حوسەینى سەرۆکى تەریقەتى عەلیەى قادرى کەسنەزانى لە جیهان

شێح شەمسوددین موحەممەد نەهرۆ کەسنەزان، کوڕى سوڵتانى جێنشین موحەممەد ئەلموحەممەدى کوڕی سەید عەبدولکەریمى کوڕى سەید عەبدولقادرى کوڕى سەید عەبدولکەریمى شاى کەسنەزان کوڕی سەید حوسەینى کوڕی سەید حەسەنى کوڕی سەید عەبدولکەریمى کوڕی سەید ئیسماعیلی ولیانى کوڕی سەید موحەممەدى نۆدێیی کوڕی سەید باباعەلى وەندەرینەیى کوڕی بابا ڕەسوڵی گەورەى کوڕی عەبدولسەیدى دووەمى کوڕی عەبدولڕەسوڵی کوڕی سەید قەلەندەرى کوڕی سەید عەبدولسەیدى کوڕی سەید عیسای ئەحدەبى کوڕی سەید حوسەینى کوڕی سەید بایەزیدى کوری سەید عەبدولکەریمى یەکەمى کوڕی سەید عیسای بەرزنجی کوری سەید باباعەلى هەمەدانى کوڕی سەید یوسفی هەمەدانى کوری سەید موحەممەد مەنسوری کوڕی سەید عەبدولعەزیزى کوڕی سەید عەبدوڵڵای کوری سەید ئیسماعیلى موحەددیسی کوری ئیمام موساى کازمى کوڕی ئیمام جەعفەرى سادیقى کوڕی ئیمام موحەممەد باقڕی کوڕی ئیمام عەلى زەینولعابدینى کوڕی ئیمام حوسەین کە دەکاتە کوڕی ئیمامى عەلى کوڕی ئەبوتاڵیب ـ کرم الله وجهه ـ و هەروەها دەکاتە کوڕی خاتوو فاتیمەى زەهراى سەروەرى ئافرەتانى جیهان ـ سەلامى لەسەربێت ـ کە ئەویش دەکاتە کچى پێغەمبەرى ئەکرەم و خاتەمى پێغەمبەران و نێرراوان، سەروەرمان موحەممەدى موستەفا ـ صلى الله تعالى عليه وآله وسلم ـ  .

   لەدایکبوون و پێگەیشتن

   شێخ شەمسوددین موحەممەد نەهرۆى کەسنەزان حوسەینى لە بەروارى ١٢/١٢/ ١٩٦٩ لە پارێزگاى کەرکوک لەدایکبووە، باوکى کە دەکاتە گەورە و سوڵتان و جێنیشین موحەممەد ئەلموحەممەدى کەسنەزان حوسەینى ـ قدس الله سره ـ ژمارەیەکى زۆر و بێ ئەندازە شوێنکەوتە و موریدى هەیە لە هەموو جیهاندا. کەسنەزانیش واتاکەى لە زماندا دیارە لە کوردیدا ماناى چیە، بەڵام وەک واتاى زاراوەیی: لە مەبەستى تەریقەتدا واتە: ئەو نهێنییەى کە هیچ کەس پێ نازانێ جگە لە زاتى خوا و پێغەمبەرى مەزن ـ صلى الله تعالى عليه وآله وسلم ـ و شێخى حازرى تەریقەت، کە ئەوەش بەواتاى ئەوە دێت نهێنى هەرە مەزنە یان نهێنیەکە لە نهێنیەکان. هەڵبەت جەنابی سوڵتانى جێنیشن، موحەممەد ئەلموحەممەدى کەسنەزان ـ لەساڵی ١٩٧٨ دا بەسەر بەرماڵى تەریقەتەوە دانیشت لەپاش ئینتیقالی باوکى، واتە پاش گەڕانەوەى سەید عەبدولکەریمى کەسنەزان ـ قدس الله سره ـ بۆلای خواى پەروەردگار. بە باشترین چۆنیەتى ئەو جێگەیەى گرتەوە، بەجۆرێکى وەها تەریقەت ئەندازى بڵاوبوونەوەى و ناووناوبانگى لە زۆر وڵاتدا دەنگى دایەوە، هەر لە وڵاتانى عەرەبیی و زۆرێک لە وڵاتە ئاسیایی و ئەورپایی و ئەفریقایی و ئەمریکاییەکان.

   جەنابی شێخ شەمسوددین موحەممەد نەهرۆى کەسنەزان سەربە خێزانێکە کە لقێکى شەجەرەى گەورەى موحەممەدیی عەلەویی موبارەکەن، ئەو لقەى نەسەبەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ئیمامى حوسەین ـ سەلامى لێ بێت ـ ، واتە هەم کوڕی ئیمامى عەلی ـ کرم الله وجهه ـ و، هەروەها کوڕى خاتوو فاتیمەى زەهراشە ـ سەلامى لەسەربێ ـ ، کە دەکاتە کچى حەزرەتى پێغەمبەر ـ صلى الله تعالى عليه وآله وسلم تسليما ـ هەڵبەت ئەوە لە هەردوو سەرى باوکى و داکییەوە. هەر لە منداڵییەوە لە ئامێزى تەریقەتدا پێگەییەوە و هەڵکشاوە، لە سایەى ویراسەتى موحەممەدیى باوکى و باپیرییدا، هەر لە سەرەتاى منداڵییەوە بەردەوام حزوورى هەبووە لە حەڵقەى زیکرى ڕۆژانەدا، هەمیشە لە نزیکى باوکیدا بووە بۆ ئەوەى بەردەوام تێراوى زانست و مەعریفەت ببێت، ئەمە لەشانى بوونى پێگەیەکى مەزنى ئەدەبکردندا لەئاستیدا، چونکە ئەوەى دەزانى پێش ئەوەى باوکى بێت داراى پلەى شێخایەتیە کە لەپێش پێگەى باوکایەتییەوەیە، لە هەمانکاتیشدا باوکێکى بە حەنان و مهیرەبان و زۆر بەسۆزبوو. پاش ئەوەى پێگەیشت سەرقاڵی خوێندنى ئەکادیمى بوو، سەربارى جێبەجێکردنى پێویستیی خەلیفە و موریدەکان جا ئیدى یان ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەى کەسانێکى دیکەوە، هەرشتێکیان پێویست بووبێ بۆ خزمەتى تەریقەت و شێخەکەیان پێشکەشی کردوون.

   خوێندن و بڕوانامەى زانستى

   جەنابی سەید شەمسوددین موحەممەد نەهرۆى کەسنەزان حوسەینى خێزاندارە و ژمارەیەک منداڵی هەیە، خوێندنى ناوەندى لە بەغدا تەواوکردووە و هەروەها هەر لە زانکۆى بەغدا بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە زانستى کۆمپیوتەردا بەدەست هێناوە، وە لە شانشنینى بەریتانیاش بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە زانستى زمانى ئینگلیزیدا بەدەست هێناوە، پاشان بڕوانامەى ماستەرى لە مێژوودا لە پەیمانگەى مێژووى عەرەبى بەدەست هێناوە، دواتر بڕوانامەى دکتۆراى لە مێژووى ئیسلامیدا بەدەست هێناوە، ناونیشانى تێزى دکتۆراکەى بریتییە لە (موحەممەدى فاتیح، ژیان و فتوحاتەکانى)، بەو پێیەش لە سێ زماندا کارامەیە: عەرەبیی و کوردیی و ئینگلیزی.

   ژیانى ڕۆحیی جەنابی شێخ

   هەرلە لەدایکبوونیەوە تا پێگەیشتنى ئەو نیشانانەى لێ بینراوە سەلمێنەرى ئەوەبن دەبێتە جێنشینى ڕووحى، ئەوەبوو لە ساڵانى نەوەدەکاندا حەزرەتى سوڵتانى جێنشین ئەو شیاوییەى تێدا بەدى دەکرد، هەربۆیە تایبەتمەندیى هەڵس و کەوتى لەگەڵدا بەکاردەهێنا، ئەرکى تەریقەت و ئیرشادى پێ دەسپارد، لە زۆر گەڕان و سەفەریدا لەگەڵ خۆیی دەبرد، زۆرجاریش بە خەلیفەکانى دەفەرموو ئاگاتان لەوەبێت ئەو دەبێتە جێنشینى پاشى خۆی، پێی دەگوتن: (ڕێگەپێدراو نیە هیچ خەلیفەیەک تەکیە بکاتەوە یان خەلیفەى دیکە ڕاسپێرێت تا شێخ نەهرۆى جێنشینم ئاگادار نەکات).

   لە ساڵی ٢٠٠٥ دا و لەبەرامبەر زۆرێک لە خەلیفە و موریداندا ئەوەى ڕاگەیاند کە ئەم بریتییە لە جێنشینى و فەرمووى: (خوایاربێت شێخ نەهرۆ شێخى داهاتووتانە و، ئیدى ئەو شێختانە و براتانە و خزمەتکارتانە و خزمەتکارى تەریقەتە).

   پاشتر بەفەڕمى پێدانى جێنشینى تەریقەتى زاهیریی و باتینى لە ساڵی ٢٠٠٨ دا و لە تەکیەى سلێمانیدا ڕاگەیاند، فەرمووى: هەر ڕێنماییەک لە ئەوەوەبێت ئەوە واتە لە شێخەوەیە، پاشى شێخیش لە تەریقەتدا تەنیا شێخ نەهرۆ ڕۆڵی شێخ دەگێڕێت، ئەوەشى بۆ هەمووان جەخت لێدەکردەوە کە مەشایەخەکان هیچ کەسێک لە جێگەى شێخ دانانێن ئەگەر شیاوێتى شێخایەتى و ئوستادیی تێدا نەبێت، هیچ کەسیش ئەو مافى دەستنشانکردنە مەزنەى تێدا نیە بە ڕێنمایی و بڕیارى تایبەتى حەزرەتى پێغەمبەر نەبێت  ـ صلى الله تعالى عليه وآله وسلم تسليما ـ چونکە هەر خودى ئەو ئوستادى مەزنى تەریقەتە.

   لە ساڵی ٢٠١١ دا و بە هاوڕێیەتى شێخ غاندى براى ئەداى مەناسیکى عەمرەى بەجێهێناوە و زیارەتى بابەى گەورەى لە ڕەوزەى شەریفەدا کردووە.

   لە بەروارى ٩ / ١ / ٢٠١٧ دا بە فەرمانى غەوسى گەورە، حەزرەتى شێخ عەبدولقادرى گەیلانى ـ قدس الله سره ـ و لە دەمى ئاهەنگى مەولودیی پیرۆزیدا، نازناوى (شەمسوددین) پێدراوە، ئەو هەواڵەش لەلایەن شێخى سوڵتانى جێ نشین موحەممەد ئەلموحەممەدى کەسنەزان ـ قدس سره ـ لە عەممانى وڵاتى ئوردندا پێیڕاگەیەنرا.

   لە ساڵی ٢٠١٩ دا جەنابی شێخى سوڵتانى جێنشین، موحەممەد ئەلموحەممەدى کەسنەزان حوسەینى ـ قدس سره ـ سەفەرى ئیرشادى بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا کرد، لە سەرەتاکانى ساڵى ٢٠٢٠ دا دۆخى تەندروستى شێخ کەم کەم بەرە و خراپى دەڕۆیشت، تا لە ٤ / ٧ / ٢٠٢٠ دا وادەى بەدیدار گەیشتن و ئینتیقالی بۆلای حەزرەتى پێغەمبەر ڕوویدا.

   پاشى خۆى کوڕە گەورەى، واتە سەید شێخ شەمسوددین موحەممەد نەهرۆى کەسنەزان حوسەینى ئەرکى سەرۆکایەتى تەریقەتى لە جیهاندا گرتە دەست، لەسەر کورسی شێخایەتى دانیشت و، شوێن پێی باوکى گرتەبەر بۆ گرتنە خۆى هەموو نەتەوە و مەزهەب و ئایینە جۆراو جۆرەکان لە عێراقدا، چونکە بێگومان تەریقەتى عەلییەى قادرییەى کەسنەزانى لەودیو سنوورى هەموو ئەو ناو و ناونیشانانەوەیە و، تەریقەت خاوەن دۆستانێک و خۆشەویستان و هەوادارانێکە تەنانەت شوێنکەوتەى ئایینە ئاسمانییەکانى دیکەشن، ئەو تێڕوانینەشى هەیەتى بۆ ئایین و هزر و بیروباوەڕەکەى هیچ توندڕەوییەکى پێوە نیە و مۆرکى توندئاژۆیی هزرى تێدا نیە، ئەمەش لاى هەمووان جێگەى قەبوڵە و، ئەو جۆرە دیدگایە بریتییە لە هاوبەشییەک و هەمووان لەسەرى کۆکن.

   هەر لە چلەى مەجلیسی نوورى موحەممەدیدا کە پاشى ئیتیقالی باوکى، سوڵتانى جێنیشن موحەممەد ئەلموحەممەدى کەسنەزان ـ قدس سره ـ سازى کردبوو، حەزرەتى شێخ بە دیارییەکى بەنرخى موبارەک و لە جیهانى ڕووحەوە و بە فەرمانى پێغەمبەرى مەزن ـ صلى الله تعالى عليه وآله وسلم تسليما ـ  بەسەرى کردەوە، ئەویش بریتیە لە سەڵاواتى دوڕ و سیغەکەشى بریتییە لە : ( اللهم صل على سيدنا محمد الدر الأنور ، والياقوت الأبهر ، نور الله الأزهر ، وسر الله الأكبر ، بعدد ما في علمك من العدد ، بكل طرفة عين ، من الأزل إلى الأبد ، وعلى آله وصحبه وسلم تسليما ). هەر لە هەمان کۆڕدا شێخ شەمسوددین موحەممەد نەهرۆى کەسنەزان جاڕی دەسپێشخەریەکى جیهانى گفتوگۆکردنى دا، بۆ ئەوەى کۆنگرەیەکى جیهانى تەسەوف گرێبدرێت و هەموو ئەتیافەکانى تێدا کۆببنەوە تا لەیەک تێگەیشتن ڕووبدات و ئاشتى لە هەموو جیهاندا بەرقەراربکرێت.

   ژیانى سیاسی

   شێخ شەمسوددین موحەممەد نەهرۆى کەسنەزان حوسەینى کەسایەتیەکى نیشتمانیى مەزنە، گەورە سیاسییەکى عێراقییە و، خاوەن دیدگاى سیاسیی وردە بۆ هەموو ئەوەى هەنوکە لە عێراقدا ڕوو دەدات، هەروەها خاوەن تێڕوانینى چۆنیەتى ئایندەى عێراقیشە وەک (عێراقێکى ـ دیموکراسی ـ ئازادى ـ یەکپارچە). ئەو خۆى لە بنەڕەتدا لەنەوەى خێزانێکى ئاینیی سیاسیی نیشتمانیی ناسراوە لە عێراقدا و، لە هەموو وڵاتانى دەورەبەریشدا. هەڵبەت ڕژێمى پێشووى عێراق زۆر دژایەتیان کرد و، لەگەڵ هەندێک لە ئەندامانى خێزانەکەیدا لە گرتووخانەیان توندکرد، بەڵام سەربارى ئەو تەنگ پێهەڵچنینە، خۆى و خێزانەکەى ملیان بۆ ئەوە نەدا عێراق بەجێ بهێڵن، بەڵکو بەردەوام بوو لە تێکۆشان و لە ئومێدى دروستکردنى عێراقێکى نوێدا بوو پڕببێت لە ئازادیی و خۆشگوزەرانى، ئەوەبوو لە ساڵى ١٩٩١دا حیزبێکى بەناوى (تجمع الوحدة الوطنیة العراقي) لە بەغداى پایتەختى عێراقدا پێکهێنا، بەمەبەستى ئەوەى ئەو پرۆژە مەزنە نیشتمانییە بەرجەستە بکات باوەڕی پێی هەیە، لەو پێناوەشدا گیانى زۆرێک لە ئەندامەکانى بەخت کرد، کە نزیکەى (٥٠) شەهیدى داوە.

   بێگومان ڕۆڵی خەباتی گەورەى گێڕاوە وەک سیاسییەکى عێراقیی و وەک سەرۆکى حیزبێکى عێراقی تێکۆشەر، تەنانەت لەناو بەغدادا ژیانى کەوتە مەترسییەوە، پاشان پانتایی و جێگەى خەبات و تێکۆشانى گواستەوە بۆ ناوچەى باکور هەرکە لە گرتووخانە ئازادکرا تا ساتى ڕووخانى ڕژێم. پاش ڕوخانى ڕژێم خۆیی لەوە بوارد پەنا بەرێتە بەر خۆدانە دەستەوە بۆ دەستە جۆراو جۆرەکان و پەناى گرت لە ململانێ و کێشمەکێشە سیاسییە گەرمەکان، هەروەها لەوەش خۆى بوارد شوێنى ئەو یارییە سیاسیە بکەوێت و بەناو و دروشمى پشک پشکێنەوە دەست بگرێت بەسەر پێگە و کورسیدا، لێرەدا تەنیا بژاردەى بریتیی بوو لەوە پێویستە نیشتمان یەک پارچەبێت و دووربێت لە هەموو ئینتیمایەکى تائیفی. لەو ڕوانگەیەشەوە هەڵوێستەکانى بە ئاگایانە بوو سەبارەت بە چۆنیەتى پێکهێنانى مەجلیسی حوکم کە لەسەر بنەماى پشک پشکێنە پێکهێنرابوو، ئەوەش دوورنەبوو هۆکاربێت بۆ تێکچوون و قوڵبوونەوەى ململانێی نەتەوەیی و تائیفیی لەنێوان ڕۆڵەکانى گەلدا.

ڕوانگەى جەنابی شێخ بەو جۆرەبوو پێویستە هێزە سیاسییەکان کرانەوەیان هەبێ بەرامبەر گەل و، لە پێناوی ئەودا کار بکەن و یەکپارچەیی ڕیزەکانى بپارێزن. ئەو دەفەرموێت: (بێگومان پێوەرى نیشتمانى هێزە سیاسیەکانى ناو عێراق لە ئێستادا وابەستەیە بە ئاستى نزیکایەتیى یان دوورایەتى لە ماناى بوون و لێوەشاوەیی بۆ بەرجەستەکردنى ئەو ئامانجانەى کە پێویستە بڕیاریان لەسەردابێت پێشتر لە دەمى خەباتیاندا بۆ ڕزگارکردنى گەلى عێراق و پێکهێنانى پرۆسەیەکى سیاسیی دیموکراسیی ڕاستەقینە).

   هەمیشە بانگەشەى هێزەکان دەکات ڕۆڵیان هەبێت، لەوە بترازێن تەنیا لە دوورەوە سەیربکەن و پێویستە کاربکەن بۆ دروستکردنى نیشتمان و بەرقەرارکردنى ئاسایش و خۆشگوزەرانى، چونکە گەل بەو جۆرە کە ئەم دەیڵێ: (پێویستى بە ئێستایەکى سەقامگیرە و خۆى بە خۆى حوکم بکات و لە سایەی کەشى دیموکراسى ڕاستەقینەدا بگوزەرێت و حکومەتێک بەڕێوەى ببات خۆى هەڵی بژاردبێت یان نوێنەرایەتى ڕاستەقینەى بکات، بەپێی دەستورێکى هەمیشەیی وا حوکمى بکات کە کاروبارەکانى وڵات ئاراستە بکات، ئەو وڵاتەى نوێنەرەکانى لە ئەنجومەنێکدا یان پارلەمانێکدا یان هەر ناو و ناونیشانێکى دیکەى جێگە ڕەزامەندى خەڵکدا کۆبکاتەوە).

   لە زۆر کۆڕبەند و دیداریشدا بەشدارى کردووە، وەک:

   کۆنگرەى سەڵاحەدین لە ساڵی ٢٠٠٥دا.

   کۆنگرەى پارێزگاریی ـ      defense conference کە  لە ساڵى 2008 لە دوبەى سازکرا.

   بوارى ڕاگەیاندن

   حەزرەتى شێخ شەمسوددین موحەممەد نەهرۆى کەسنەزان باوەڕى وایە ڕاگەیاندن ڕۆڵێکى زۆر کاریگەرى هەیە لە چەسپاندنى هزرەکان و ئەو پرەنسیپە بنچینەییانەى سەرەنجام بڵندیی و خۆشگوزەرانى کۆمەڵگەى لێ دەکەوێتەوە، لە ئان و زەمانێکدا کە پەرەسەندنى هزری و زانستى و تەکنەلۆژیی بەرپابووە، لەو پێناوەشدا هەستا بە بەرجەستەکردنى ئەو گرنگیدان و پێباش بوونەى بۆ دامەزراندنى چەند دامەزراوەیەکى ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری، لەوانە:

   ١ـ دامەزراوەى مەشریق بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری. ڕۆژنامەیەکى بەناوى مەشریقەوە هەیە و بەربڵاوە لە عێراقدا.

   ٢ـ  چاپخانەى مەشریق، گرنگیی دەدات بە چاپکردنى ڕۆژنامە و کتێبی ڕۆشنبیریی.

   ٣ـ دەرکردنى ڕۆژنامەى (أفق)، ڕۆژنامەیەکى سیاسیی سەربەخۆیە و گرنگیی دەدات بە بارودۆخى عێراق لە هەموو لایەنەکانى سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیرییەوە.

   ٤ـ دەرکردنى ڕۆژنامەى عێراق، ئەویش ڕۆژنامەیەکى سیاسیی و ڕۆشنبیریی عێراقییە.

   ٥ـ کردنەوەى کەناڵی مەشریقى ئاسمانى، ئەویش کەناڵێکى سەربەخۆیە.

   ٦ـ کردنەوەى کەناڵی مەشریقی لۆکاڵیی لە بەغدا.

   ٧ـ دامەزراندنى پێگەى تەریقەتى عەلییەى قادرییەى کەسنەزانیی:

     www.kasnazan.com

   ٨ ـ کردنەوەى پێگەیەک بەناوى تەسەوفی ئیسلامییەوە:

     www.islamic-sufism.net

   ٩ـ دەسپێشخەریی دیدار و گفنوگۆ، بە ئامانجی بەستنى پردى بەیەک گەیشتن و هاوکارى نێوان خەڵکی و، چەسپاندنى متمانە و ڕێز و یەکتر قەبوڵکردن لە نێوان هەموو کۆمەڵگە جیهانییەکاندا.

   ١٠ ـ هەستا بە دروستکردنى ئەنجومەنى ڕۆشنبریی کەسنەزانى بە سەرۆکایەتى و سەرپەرشتیی خۆی، کە سیازدە لیژنە لەخۆى دەگرێت، ئەویش بریتیە لە ئەنجومەنێکى ڕۆشنبیریی مەدەنیی جیهانیی ناحکومی، داراى کەسایەتییەکى مەعنەویی سەربەخۆیە، نمایندەى شوناسى تەسەوفی کەسنەزانییە، تایبەتە بە شوێنکەوتوانى تەریقەتى عەلییەى قادرییەى کەسنەزانیی لە هەموو جێگەیەک، بارەگاکەى لە سلێمانییدایە، نوێنەرایەتى ڕوانگە گشتیەکانى تەریقەتى کەسنەزانییە. ئامانجیش لە بوونى بریتیە لە بڵاوکردنەوەى ئاگایی ڕۆشنبیریی و هزریی و دەوڵەمەندکردنى لە هەموو لایەنەکانى ڕووحیی و ڕۆشنبیریی و ئەدەبیی و یاسایی و زانستیی و، لە هەموو بوارەکانى ژیاندا، کاریش بکات بۆ ڕاستکردنەوەى ئاراستەکان و ئەخلاقیاتە هەڵەکانى نێو کۆمەڵگە، هەروەها کاریش بکات بۆ بەرجەستبوونى دادپەروەریی کۆمەڵایەتى، هەروەها وەستانەوە بە ڕووى ئەو هزر و بۆچوون و ئاڕاستە لادەرانەى توندڕەون دژ بە تەسەوف و عیرفانیەتى ئیسلامیی، هەروەها بۆ پاراستنى ڕۆڵی تەریقەتى کەسنەزانی لە پێشەنگایەتى کۆمەڵگە و پەرەپێدانى لە هەموو بوارەکاندا، هەروەها پێشکەشکردنى هزر و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و مەقالە و شیعر و ئەدەب و ئەو هونەرانەى ڕۆڵیان هەیە لە بەربڵابوونەوەى پرەنسیپەکانى خۆشەویستیی و ئاشتیی و لێبوردەیی، هەموو ئەوەش لەپێناو دروستکردنى مرۆڤدا، ئەم ئەنجومەنەش یەکێکە لە بەرهەمەکانى دەسپێشخەری جیهانى یەکترناسین کە جەنابی شێخ شەمسوددین موحەممەد نەهرۆى کەسنەزان حوسەینى جاڕی بۆداوە.

   هەلبەت ئەوەش لەو ئایەتە پیرۆزەوە سەرچاوەى گرتووە کە دەفەرموێت:

   ( يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ).

   دامەزراوە زانستییەکان

   لەو سۆنگەیەوە کە باوەڕی بەوەیە زانستى ئەکادیمیی واتە خشتى سەرەکى و بنەماى ڕاستەوخۆى بەرەو پێشچوون و پێشکەوتنى کۆمەڵگە، هەربۆیە لە ساڵى ٢٠٠٤ دا هەستا بە دامەزراندنى کۆلێژێکى زانکۆیی بە ناوى (کۆلێژى سەلامى زانکۆیی) لەشاری بەغدایا، ئەو کۆلێژەش خاوەن چەند بەشێکى زانستییە:

   ١ـ بەشی دارایی و بانکی.

   ٢ ـ بەشى دیاراساتى ئیسلامیی و گفتوگۆى ئایینەکان و شارستانیەتەکان.

   ٣ـ بەشی پەروەردەى جەستەیی و زانستی وەرزشی.

   ٤ـ بەشی ڕاگەیاندن.

   ٥ ـ بەشى زمانى ئینگلیزی.

   ٦ـ بەشى زانستى گەشتوگوزار.

   ٧ـ بەشى یاسا.

   ٨ـ بەشى ئەندازیاریى تەکنەلۆژیای کۆمپیوتەر و پەیوەندییەکان.

   ٩ـ بەشی تەکنەلۆژیای تاقیگە نەخۆشییەکان.

   ١٠ـ بەشی سڕکردن.

   ١١ـ بەشی بەڵگەوتاوان.

   ١٢ـ بەشى تیشک و سۆنەر.

   ١٣ـ بەشی ئامێرەکانى چاو.

   ١٤ـ بەشی ئەندازیاریی ئامێرە پزیشکیەکان.

   ١٥ـ بەشی ئەندازیاریی ئامێرەکانى ساردیی و گەرمیی.

   ئەم کۆلێژە زانکۆییە وەک سەرەتاى دەستپێکى زانکۆیەکى زانستى سەربەخۆ دروستکرا.

   ئامانجە ڕۆشنبیرییەکان

   گومانى تێدا نیە سەرکەوتنى گەورە بەبێ کارى دامەزراوەیی بەدەست نایەت، ئەو کارەى کە گەرەنتى بەدەستهێنانى مافى تاک تاکى خەڵک و کۆمەڵگەکانبێت. هەربۆیە هەستاوە بە دامەزراندنى ژمارەیەک لە کۆمەڵە زانستیی و ڕۆشنبیریی و ئاینیی، وەک:

   ١ـ سەنتەرى جیهانى تەسەوف و دیراساتى ڕووحى/ بەغدا، بارەگاکەى لەنزیک کۆلێژى سەلامى زانکۆییە/ لە ساڵی ١٩٩٤ دا دامەزراوە.

   ٢ـ کۆڕبەندى زانستیی سادەى ئەشراف/ بەغدا ساڵی ٢٠٠٤، کە زۆرێک لە سادە و کەسە بەناوبانگەکانى ناودارى عێراقی تێدا کۆبووەتەوە. ئامانجیىشى پاراستنى مێژوو و کەلەپوری سادەى ئەشرافە و، ئەوەى کە پەیوەندى بە نەسەبى پیرۆزیانەوە هەیە، هەروەها یەکخستنی ڕیزەکانیان و پشتیوانى کردنیان بۆ هاندانى کۆمەڵگەى عێراقیی بە دەستگرتنیان بە کەلەپووریی مێژوویی و شارستانییەوە، ئەوەى ڕۆڵی گەورەى هەبوو لە پاراستنى یەکڕیزیی و پێکەوە هەڵکردن و کۆکبوون و پەرەپێدانی لە هەموو ئەو دۆخانەدا کەبەسەر کۆمەڵگەى عێراقدا تێپەڕیون.

   ٣ـ ئەنجومەنى ناوەندیی تەریقەتە سۆفییەکان / بەغدا، ساڵى ٢٠٠٤.

   ٤ـ زۆر نووسین و بڵاوکراوەى ڕۆشنبیری هەن وەک:

   ـ (عناقيد الرؤى / ط1 – 2006).

   ـ (موسوعة الذكر والذاكرون / ط1- 2008).

   ـ (التحلي بالآداب الإسلامية في الطريقة الكسنزانية الناشر : دار القادري للنشر والتوزيع / سورية دمشق / المطبعة بيروت / ط1 – 2007).

   ـ (خوارق الشفاء الصوفي والطب الحديث . الناشر : دار القادري للنشر والتوزيع / سورية دمشق / المطبعة بيروت / ط1 – 2007).

   ـ (الرؤى والأحلام في المنظور الصوفي – الناشر : دار القادري للنشر والتوزيع / سورية دمشق / المطبعة بيروت / ط1 – 2007).

   ـ (السلطان محمد الفاتح , حياته وفتوحاته – الناشر : دار الورد الاردنية للتوزيع والنشر / ط1 2013).

   ـ (العراق خطى على درب تصحيح المسار / ط1 2006).

   ـ – هەروەها گۆڤاری  (الكسنزان)، کە گۆڤارێکى وەرزییە لە بوارى ڕۆشنبیری زانستی سۆفیگەرییدا.

   هەروەها زۆرێک توێژینەوە و گوتارى ڕۆژنامەوانیی هەیە لە زۆرێک ڕۆژنامە و گۆڤارى ناوخۆیی و عەرەبیی دەرەوەدا، چەند کتێبێکى دیکەشى لەژێرچاپدایە و، بەردەوامیشە لە نووسین.

   پرۆژەى خێرخوازیی

   دامەزراندتى کۆمەڵەى فریاگوزارى عێراقی

   کۆمەڵەیەکى خێرخوازیی دروستکردووە بەناوى (کۆمەڵەى شێخ نەهرۆ موحەممەد عەبدولکەریم کەسنەزان حوسەینى)، ئەم کۆمەڵەیە هەستاوە بە ئەنجامدانى زۆر پرۆژەى خێریی و پێشکەشکردنى هاوکاریی بۆ عێراقییەکانى نێوخۆى وڵات و دەرەوەى وڵاتیش. هەر لە ڕێگەى ئاوێـتەبوونە مرۆڤدۆستیە بەئاگاییەکانى و بەرپرسیارییەکانى لەگەڵ ئازارەکانى گەلى عێراق و ئەوەى کە ڕووبەڕووى بووەتەوە لە لایەن هێزە توندئاژویی و توندڕەوەکانەوە، لەو سۆنگەشەوە ڕۆڵێکى گەورەى هەبووە و جێگە دەستى دیارە لە زۆر چالاکى فریاگوزاریدا وەک پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریی و گەیاندنى هاوکاریی مرۆیی بۆ خێزانە کەم دەست و ئاوارەى ڕۆڵەکانى گەلى عێراقی خۆڕاگر، هەروەها چەندین چادرگەى بۆ ئەو مەبەستە کردۆتەوە، وەک:

   چادرگەى کەسنەزان لە ناوچەى دۆرەى بەغدا، کە لە کاتى خۆیدا گەورەترین چادرگە بوو لە عێراقدا بۆ ئاوارەکانى نێو بەغدا بە دانپێدانانى ڕێکخراوە نێودەوڵەتیی و حکومییەکانى عێراقیی.

   هەروەها چادرگەى لە شارى سلێمانى و کەرکویشدا بۆ ئاوارەى شوێنە جۆراوجۆرەکان کردەوە.

   لە شانى ئەوەشدا دەرگاى هەموو تەکیەکانى کەسنەزانیی لە عێراقدا خستە سەرپشت بۆ جێگە کردنەوەى ئاوارە و دەرکراوەکان و، پێشکەشکردنى هاوکارى مرۆیی وەک خۆراک و پێداویستى ژیان، ئەوەش وەک لەبەر چاوگرتنى ئەو دۆخ و بارە سەختەى ئابوورى و کۆمەڵایەتیەى زۆرێک لە خێزانە عێراقییەکان گیرۆدەى بووبوون، بەبێ ئەوەى لایەنى نەتەوەیی و مەزهەبى لەبەرچاوبگیرێت. هەڵبەت ئەوەش لەژێر ناونیشانى: (کۆمەکى کردنى هەموو خێزانە کەم دەستەکانى گەلى عێراق بەبێ لەبەرچاوگرتنى ئاین و مەزهەب و نەتەوە). ئامانجیش بریتى بوو لە چوونە دەم ئەو خێزانانەوە کە کەم دەست و پێگیراوبوون لە ڕووى مرۆیی و، ڕزگارکردنیان بوو لەو بارە سەختەى ئابوورى و کۆمەڵایەتییەى تێیکەوتبوون، هەروەها دەستگرتنى نەوەکانیان بۆ بەردەوامبوون لە ئاراستەگرتنى ڕێگاى زانستیی و پەروەردەیی، ئەویش لە ڕێگەى دامەزراندنى ژمارەیەک لە قوتابخانەى سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لەنێو چادرگەکانى ئاوارەکاندا. لە زۆرێکیش لەوانەى کە لە کۆلێژی سەلامی زانکۆییدا دەیانخوێند خۆش بوو و چاوپۆشییان لێکرا لە دانى قیستەکانى ساڵانەى خوێندنیان.  هەروەها چەندین نۆرینگەى پزیشکى لە چادرگەى ئاوارەکاندا کردەوە بۆ ئەوەى چارەسەرى نەخۆشەکانیان بکات و، دەرمانى پێویستیان بۆ دەستەبەربکات. هەروەها چەندین هەڵوێستى مرۆڤانەى لە هاوکاریکردنى ژمارەیەکى زۆرى نەخۆشدا ئەنجامداوە کە لە نەخۆشخانەکانى دەرەوەى عێراقدا چارەسەرکرابوون.

   دامەزراوەى ئابوورى و بازرگانیی

   دکتۆر نەهرۆى کەسنەزان خاوەن کۆمەڵێک لە کۆمپانیای بازرگانییە کە لە زۆر بوارى ئابووریدا کار دەکەن، بەتایبەت لە وەبەرهێنانى نەوتیی و پیشەسازیی و پاراستنى دامەزراوەکاندا، بەڕێوەبردنى ئەم کۆمپانیا بازرگانیانەش لەلایەن ژمارەیەک کەسانى زۆر شارەزا و لێهاتووە دەکرێت و، خودى خۆى سەرپەرشتییان دەکات.

Follow by Email
YouTube
YouTube